له حوزه‌یرانی 1977 ـدا بۆرخێس حه‌وت وتاری له بۆینس ئایرس ده‌رباره‌ی حه‌وت بابه‌تی دڵکێشی خۆی دادا : دانتێ، مۆته‌که، بودیزم، شیعر، قه‌بڵان، کوێری و هه‌زار و یه‌ک شه‌و. وتاره‌کان نووسرانه‌وه و ساڵی 1980 به کتێب بڵاو کرانه‌وه دوای ئه‌وه‌ی نووسه‌ره‌که‌یان نووکه‌قه‌ڵه‌می پێدا هێنان. ئه‌مه (هه‌زار و یه‌ک شه‌و)ـه‌که‌یانه
ڕووداوێکی ناوه‌ندی له مێژووی وڵاتانی ڕۆژئاوادا، دۆزینه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاته. ڕاستتر وایه بڵێم ئاگاییه‌ک سه‌باره‌ت به ڕۆژهه‌ڵات وه‌ک په‌یدابوونی ئێران له مێژووی یۆنان‌دا که کت‌وپڕ به‌رپا بوو. بێجگه له‌م ئاگاییه‌ی سه‌باره‌ت به ڕۆژهه‌ڵات که شتێکی گه‌وره، سه‌رده‌ق، نایاب و بیربه‌زێنه، ڕاستیی تری گرنگ هه‌ن که لێره‌دا هه‌ندێکیان ده‌ژمێرم. به‌لامه‌وه جێی خۆیه‌تی بچینه سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ی که حه‌زی زۆر ڕاکێشاوم و له منداڵیمه‌وه به‌ردڵی گرتووم، که (هه‌زار و یه‌ک شه‌و)ـه، یان که له وه‌رگێڕاوه ئینگلیزییه‌که‌یدا ـ یه‌که‌می ئه‌وانه‌ی که خوێندوومنه‌ته‌وه ـ به (شه‌وه عه‌ره‌بییه‌کان) ناو نراوه؛ ناوی کتێبێک که ڕازی لێ که‌م نییه با ئه‌وه‌نده‌ی هه‌زار و یه‌ک شه‌ویش جوان نه‌بێت.
لێره‌دا هێندێک خاڵی سه‌ره‌کی ده‌ژمێرم؛ بۆ نموونه نۆ کتێبه‌که‌ی هیرۆدۆت که لێیاندا باسی میسر، میسری دوور ده‌کات. ده‌ڵێم “دوور”، چونکه مه‌ودا به کات ده‌پێورێت و له‌و سه‌رده‌مه‌یشدا سه‌فه‌ر به که‌شتیی چارۆکه‌دار پڕ له مه‌ترسی بوو. یۆنانییه‌کان دنیای میسرییان به شارستانه‌تییه‌کی کۆن داده‌نا و به ڕازداریان ده‌زانی.
جا وه‌رن با له وشه‌ی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا ورد ببینه‌وه که ئه‌گه‌رچی ناتوانین پێناسه‌یان بکه‌ین، به‌ڵام واقیعێک ده‌نوێنن. به‌م دوو وشه‌یه هه‌ر ئه‌و شته پێش دێت که ئاگۆستین گوتوویه‌تی به‌سه‌ر کاتدا دێت: “کات چییه؟ که لێم نه‌پرسن ده‌یزانم، ئه‌گه‌ر لێمی بپرسن نایزانم”. ڕۆژهه‌ڵات چییه و ڕۆژئاوا چییه؟ ئه‌گه‌ر لێمی بپرسن نایزانم، جا با له وه‌ڵامێکی نزیکه‌ییی بگه‌ڕێین.
وه‌رن له دیدار و شه‌ڕ و له‌شکرکێشییه‌کانی ئه‌سکه‌نده‌ر ورد ببینه‌وه. ئه‌و ئه‌سکه‌نده‌ره‌ی که ئێران داگیر ده‌کات، که هیندستان ده‌گرێت و له کۆتاییشدا، ئه‌وه‌نده‌ی مرۆڤ پێی زانیوه، له بابل ده‌مرێت. ئه‌وه‌یان یه‌که‌مین دیداری گه‌وره بوو له‌گه‌ڵ ڕۆژهه‌ڵات، دیدارێک که کارێکی وای له ئه‌سکه‌نده‌ر کرد ئیتر یۆنانی نه‌بێت هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی تا ڕاده‌یه‌ک ئێرانی بێت. ئێستایش ئێرانییه‌کان له مێژووی خۆیانیان ناوه، ئه‌و ئه‌سکه‌نده‌ره‌ی که ئه‌گه‌ر ئیلیاده و شمشێره‌که‌ی له‌ژێر سه‌ری نه‌بوونایه خه‌وی لێ نه‌ده‌که‌وت. جا با که‌مێکی تر بۆی بگه‌ڕێینه‌وه، به‌ڵام ئێستا که ناوی ئه‌سکه‌نده‌رمان هێناوه، ده‌مه‌وێت حه‌کایه‌تێکتان بۆ بگێڕمه‌وه که ده‌زانم بایه‌ختان ده‌گرێت.
ئه‌سکه‌نده‌ری سیودووساڵ له بابل نامرێت، به‌ڵکه له‌شکره‌که‌ی به جێ ده‌هێڵێت و بیابان و دارستانێکی زۆری دێنه ڕێ تا دواییه‌که‌ی ڕووناکییه‌ک ده‌بینێت له ئاگره‌گڕه‌یه‌که‌وه دێت.
شه‌ڕکاری زه‌رده‌ڵه‌ی چاو باده‌می ده‌وری ده‌گرن. نایناسن، به‌ڵام ده‌یبه‌نه ڕیزی خۆیانه‌وه. چونکیشه ئه‌سکه‌نده‌ر له بنه‌ڕه‌تدا سه‌ربازه، له شه‌ڕوشۆڕی هێندێک شوێندا به‌شدار ده‌بێت که نه‌یدیون. ئه‌سکه‌نده‌ر سه‌ربازه: شتێکیش که بۆی تێ ده‌کۆشێت بایه‌خی پێ نادات ئه‌گه‌رچی ئاماده‌یه گیانی بۆ به‌خت بکات. ئه‌سکه‌نده‌ر تا دێت زۆر شتی له بیر ده‌چێت و ڕۆژێک که ده‌ستحه‌قی شه‌ڕکاره‌کان ده‌درێت، شتێک له‌نێو سکه‌کاندا ده‌بینێت که دڵی پێ داده‌خورپێت، سکه‌که له ناوده‌ستیدایه و ئه‌سکه‌نده‌ر ده‌ڵێت “تۆ ئیتر پیاوێکی پیریت: ئه‌مه میداڵێکه خۆم، که هێشتا ئه‌سکه‌نده‌ری مه‌که‌دۆنی بووم، به یادی سه‌رکه‌وتن له شه‌ڕی ئه‌ربێلا فرمانم دا چاپ بکرێت.” له‌و ترووکه‌ساته‌دا ڕابردووی خۆی به بیردا دێته‌وه و سه‌رله‌نوێ ده‌بێته‌وه سه‌ربازێکی به‌کرێگیراوی لای ئیتر ته‌ته‌ره‌کان بووه، چینییه‌کان یان هه‌رچییه‌کی تر.
ئه‌م بیره سه‌یره له شاعیری ئینگلیزی (رۆبێرت گره‌یڤز)ـه‌وه دێت. ئه‌سکه‌نده‌ر ده‌سته‌ڵاتی به‌سه‌ر ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوادا بۆ پێشبینی کرابوو. له وڵاته ئیسلامییه‌کانیشدا به ناوی ئه‌سکه‌نده‌ری دووشاخه ڕێزی لێ ده‌نرێت، چونکه خاوه‌نی ئه‌و دوو (قۆچ) شاخه‌یه که ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا پێکه‌وه‌یان ده‌نێن.
ئه‌مه‌یش نموونه‌یه‌کی تری ئه‌و مشتومڕه درێژه‌ی نێوان ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوایه، ئه‌و مشتومڕه‌ی که زۆرجار کاره‌ساتی به‌ده‌مه‌وه بووه. من بیر له (ڤێرجیل)ـی لاو ده‌که‌مه‌وه که په‌نجه به پارچه هه‌ورێشمێکی نه‌خشینی وڵاتێکی دووردا، وڵاتی چین، ده‌هێنیت که هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی لێ ده‌زانێت دووره و بێبه‌ری و خه‌ڵکه‌که‌ی زۆره و به‌وسه‌ری سنووری ڕۆژهه‌ڵات ده‌گات. ڤێرجیل ئه‌م پارچه هه‌ورێشمه‌ی له “جیورجیکا” بیر دێته‌وه، ئه‌و پارچه بێته‌قڵه‌ی که به وێنه‌ی په‌رستگه و خونکار و ڕووبار و پرد و گۆمی وا نه‌خشراوه، به هیچێکی ئه‌وانه ناچن که خۆی پێی زانیون.
وه‌سفێکی تری ڕۆژهه‌ڵات له کتێبێکی سه‌رسووڕێندا په‌یدا ده‌کرێت: “مێژووی سروشت”ـی (پلینیۆس). له‌وێ باسی چین ده‌کرێت و ناوی بڵخ و ئێران له‌پاڵ هیندستان و (شاپۆروس)ـیش دێت. دێڕێکی شیعریی (جوڤێنالیس) هه‌یه که ده‌بێت چل ساڵی له‌مه‌وپێش خوێندبێتمه‌وه و که لێره‌دا ده‌سته‌وجێ به بیرمدا دێت. که جوڤێنالیس ده‌یه‌وێت باسی شوێنێکی دوور بکات ده‌ڵێت: له‌وپه‌ڕی کازیوه و گانگ. بۆ ئێمه‌ومانان ڕۆژهه‌ڵات له‌م چوار وشه‌یه‌دایه. کێ ده‌ڵێت جوڤێنالیس وه‌ک ئێمه بیری بۆ ئه‌مه چووه. من پێم وایه. ڕۆژهه‌ڵات هه‌میشه حه‌زی ڕۆژئاواییه‌کانی ڕاکێشاوه.
ئه‌گه‌ر له‌مه به‌ولاوه شوێنی مێژوو بکه‌وین به گه‌نجینه‌یه‌کی سه‌یر ده‌گه‌ین. له‌وه‌یه ڕووداوه‌که قه‌ت پێش نه‌هاتبێت. ئه‌مه‌یشیان هه‌ر حه‌کایه‌ته. (هارون ئه‌لڕه‌شید) فیلێک بۆ هاوشانه‌که‌ی خۆی، بۆ (کارلی مه‌زن) ده‌نێرێت. له‌وه‌یه نه‌شێت فیلێک له به‌غداوه بۆ فه‌رانسه بنێردرێت، به‌ڵام باسه‌که‌مان ئه‌مه نییه. ئێمه به حه‌زی زۆره‌وه باوه‌ڕمان به فیله‌که دێت. به‌ڵام فیله‌که دێوێکه. بیریشمان نه‌چێت که وشه‌ی “دێ‌و” پێی ناوێت به مانای شتێکی ترسناک بێت. (سێرڤانتیس) ناوی (لوپێ دێ ڤێگا)ی نابوو “دێوی سروشت”. فیله‌که‌یش بۆ فه‌رانسییه‌کان و شا کارلی مه‌زنی جه‌رمانی وه‌ک شتێکی سه‌یر ده‌چوو. ((جێی داخه کارلی مه‌زنمان پێ وا بێت (لا چانسۆن دی رۆلاند)ی نه‌خوێندبێته‌وه، چونکه به ئه‌می یان ئه‌وی شێوه‌زاره جه‌رمانییه‌کان قسه‌ی ده‌کرد.))
جا کارلی مه‌زن فیلێکی پێ ده‌گات و وشه‌ی “فیل”ـیش بیرمان بۆ ئه‌وه ده‌بات که رۆلاند ده‌هێڵێت “ئۆلیفانتین” ده‌نگی بێت، که به که‌ڕه‌نای شاخی فیل ده‌گوترا هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له شاخی فیل دروست ده‌کرێت. چونکیشه ئه‌مه‌تا وا تێکه‌وتووینه‌ته زانستی ڕیشه‌ی وشه‌وه، ده‌بێت بیرمان نه‌چێت که وشه‌ی (ئه‌لفیل)ـی ئیئیسپانی (ئیئیسپانییه‌کان ئه‌م وشه‌یه بۆ فیلی شاتره‌نج به کار ده‌هێنن) به عه‌ره‌بییش هه‌ر فیله و هه‌ر سه‌رچاوه‌ی وشه‌ی “مارفیل ـ شاخی فیل”ـی هه‌یه. من شاتره‌نجێکی ڕۆژهه‌ڵاتیم دیوه داشێکی شاتره‌نجه‌که فیلێکه قه‌ڵایه‌کی لێ بار کراوه و قه‌ڵاکه‌یش پیاوێکی وردیله‌ی له‌سه‌ر نراوه. داشه‌که قه‌ڵا نه‌بوو که مرۆڤ وای شێوه ده‌کات، به‌ڵکه فیلێک، ئێل ئه‌لفیل.
له شه‌ڕی خاچپارێزییه‌وه جه‌نگاوه‌ران به بیره‌وه‌رییه‌وه، بۆ نموونه بیره‌وه‌ری له‌گه‌ڵ شێرێک ـ بۆ سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان ده‌گه‌ڕانه‌وه. ئێمه سواره‌ی خاچپارێز (ریچاردی شێردڵ)ـمان هه‌یه، ریچاردی شێردڵ، ئه‌و شێره‌ی، که ئه‌وسا دێته نێو مێژووی د‌روشمی چه‌ک و سوپاوه، شێرێکی ڕۆژهه‌ڵاتییه. ئه‌م لیسته‌یه نابێ کۆتایی نه‌یه‌ت، به‌ڵام با بیرێک له (مارکۆ پۆلۆ) بکه‌ینه‌وه که کتێبه‌که‌ی بوو ڕۆژهه‌ڵاتی ئاشکرا کرد (گه‌وره‌ترین دۆزینه‌وه له ماوه‌یه‌کی درێژخایه‌ندا) و که دوای پێکدادانێکی مه‌یدان که جه‌نه‌واییه‌کان ئه‌م ڤینیسییه‌یان لێدا به‌زاند، بۆ هاوزیندانییه‌کی خۆی دایداوه. له‌و کتێبه‌دا مێژووی ڕۆژهه‌ڵات هه‌یه و لێیدا باسی (کوبلای خان) ده‌کات که دوایی له شیعرێکی (کالریج)ـدا سه‌ر ده‌ر ده‌کێشێته‌وه.
له سه‌ده‌ی پانزه‌یه‌مدا، له ئه‌سکه‌نده‌رییه، له شاری ئه‌سکه‌نده‌ری دووشاخه‌دا، ڕیزێک حه‌کایه‌ت کۆ ده‌کرێته‌وه. ئه‌م حه‌کایه‌تانه گوایه مێژوویه‌کی سه‌یری سه‌رهه‌ڵدانیان هه‌یه. سه‌ره‌تا له هیندستان بیستراون، دوایی له ئێران، جا له ئاسیای بچووک و دواییه‌که‌ی له قاهیره نووسرانه‌ته‌وه و پێکه‌وه نران. ئه‌مه بووه‌ته کتێبێک له‌مه‌ڕ هه‌زار و یه‌ک شه‌و.
ده‌مه‌وێت که‌مێک به دیار ناوی کتێبه‌که‌وه ڕابوه‌ستم. ئه‌مه یه‌کێک له جوانترین ئه‌و ناوانه‌ی کتێبه که هه‌ن و پێم وایه ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و ناوه‌ی کتێب جوانه که جاری پێشوو له وتاری تایبه‌ت به مۆته‌که‌دا ناویم هێنا و سه‌ره‌ڕا له‌وه‌ی (دانیس) زۆر جیاوازه: “تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی کات”.
ئه‌میان به جۆرێکی تر جوانه. پێم وایه له‌به‌ر ئه‌وه بێت که وشه‌ی “هه‌زار” بۆ ئێمه نزیکه‌ی هاوواتای “زۆرێکی بێ‌کۆتایی”ـیه. که بڵێیت هه‌زار شه‌و وه‌ک ئه‌وه‌یه بڵێیت شه‌وانێکی زۆری بێ‌کۆتایی، شه‌وه زۆره‌کان، شه‌وه بێژماره‌کان. که بشڵێیت “هه‌زار و یه‌ک شه‌و”، شه‌وێک له زۆره بێکۆتاییه‌کان زیاد ده‌که‌یت. جا بیرێک له ده‌ربڕینه سه‌یره ئینگلیزییه‌که بکه‌وه: جاروبار له‌جیاتی “forever، تاهه‌تایه”، ده‌ڵێن “forever and a day، تاهه‌تایه و ڕۆژێک”. به‌مه ڕۆژێک له تاهه‌تایه زیاد ده‌که‌ن، که شتێکه بیرمان بۆ کورته‌شیعرێکی (هاینه) ده‌بات که بۆ ژنێکی نووسیوه “من تۆم بۆ تاهه‌تایه و له‌وه‌ولایش خۆش ده‌وێت.”
بۆچوونی له‌مه‌ڕ شتی بێ‌کۆتایی، له کرۆکدا خزمی هه‌زار و یه‌ک شه‌وه.
1704 یه‌که‌م ته‌رجه‌مه ئه‌ورووپاییه‌که‌ی ئاشکرا ده‌کرێت، یه‌که‌م به‌رگی چاپه شه‌شبه‌رگه‌ییه‌که‌ی ڕۆژهه‌ڵاتناسی فه‌رانسی (ئه‌نتوان گالان). له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی ڕۆمانتیزمدا ڕۆژهه‌ڵات بۆ هه‌میشه دێته نێو ئاگایی ئه‌ورووپاوه. من پێویستمه هه‌ر دوو ناو بهێنم، دوو ناوی گه‌وره: (بایرۆن) که له‌به‌ر چاره‌نووسی گه‌وره بوو نه‌ک له‌به‌ر کاره‌کانی، (ڤیکتۆر هوگۆ)ـیش که به هه‌موو شێوه‌یه‌ک گه‌وره بوو. ته‌رجه‌مه‌ی تر به دوای ئه‌وه‌وه هاتن و دوای ئه‌وانیش سرووشێکی تری له‌باره‌ی ڕۆژهه‌ڵاته‌وه: ئه‌وه‌ی که (کیپلینگ) له هه‌زار و هه‌شتسه‌د و نه‌وه‌ده‌کاندا به‌شداریی پێ کرد: “که گوێت لێ بوو ڕۆژهه‌ڵات بانگت ده‌کات، گوێت له هیچی تر نابێت.”
جا ئێستا بۆ ئه‌و ترووکه‌ساته ده‌گه‌ڕێینه‌وه که هه‌زار و یه‌ک شه‌وی لێدا بۆ یه‌که‌مین جار وه‌رده‌گێڕدرێت و که بۆ هه‌موو ئه‌ده‌بیاتی ئه‌ورووپا ڕووداوێکی بنه‌ڕه‌تییه. ساڵ 1704 ـه و ئێمه له فه‌رانسه‌ین. ئێره‌یش فه‌رانسه‌ی گه‌وره‌ترین سه‌ده‌یه، ئه‌و فه‌رانسه‌یه‌ی که لێیدا (بوالوو) یاساکانی ئه‌ده‌ب داده‌هێننێت، که له ساڵی 1711 ـیشدا ده‌مرێت نازانێت سه‌رله‌به‌ری ڕه‌وانبێژییه‌که‌ی، ئه‌م شاڵاوه نایابه ڕۆژهه‌ڵاتییه ڕایماڵیوه.
بیرتان نه‌چێت که ڕه‌وانبێژییه‌که‌ی باولوو له‌سه‌ر ڕێوڕه‌سمی به‌رپێگرتن و قه‌ده‌خه هه‌ڵنراوه، هۆشپه‌رستیتان له بیر بێت، قسه جوانه‌که‌ی (فێنێلۆن)ـتان بیر نه‌چێت: “له هه‌موو کرده‌وه‌یه‌کی ڕۆح‌دا، هۆش زۆر که‌م پێش دێت.” سا بوالوو ده‌یه‌وێت شیعر له‌سه‌ر هۆش هه‌ڵ بنێت.
ئێمه ئه‌مشه‌و به شێوه‌زارێکی به‌رزی لاتینی پێکه‌وه ده‌دوێن که به زمانی (کاستیلیانی) ناو نراوه و که ئه‌میش پاشهاتی ئه‌م ئاره‌زووه‌یه و ئه‌م به‌ردیلییه پڕ له خۆشه‌ویستی و جاروبار شه‌ڕانگێزییه‌ی نێوان ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوایه، چونکه ئه‌مه‌ریکا به هۆی ئاره‌ووزکردنی گه‌یشتن به هیندستان دۆزرایه‌وه. ئێمه له‌به‌ر ئه‌و هه‌ڵه‌یه به هیندییه (موکتێزوماس، ئه‌تاهووالپاز و کاتریێل) ناو نراوین، چونکه ئیسپانییه‌کان لایان وا بوو گه‌یشتوونه‌ته هیندستان. ئه‌م وتاره که‌مبایه‌خه‌ی منیش به‌شێکی ئه‌م لێدوان و مشتومڕه‌ی نێوان ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوایه.
وشه‌ی ڕۆژئاوا، ئێمه ڕیشه‌ی ده‌زانین، به‌ڵام بایه‌خێکی ئه‌وتۆی نییه. جێی خۆیه‌تی بڵێین فه‌رهه‌نگی ڕۆژئاوایی، چونکه تا نیوه‌ی ڕۆژئاواییه، خاوێن نییه. دوو چه‌مک بۆ فه‌رهه‌نگی ئێمه گرنگن. ئه‌م دوو چه‌مکه یۆنانی کۆن و (چونکه ڕۆمان درێژبوونه‌وه‌یه‌کی هیلینییه و هیچی تر) و ئیسرائیلیش وڵاتێکی ڕۆژهه‌ڵاتییه و هه‌ردووکیان له‌و شته‌دا یه‌ک ده‌گرنه‌وه که به فه‌رهه‌نگی ڕۆژاواییمان ناو ناوه. ئێستایش که باسی دۆزینه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵات ده‌که‌ین، ده‌بوو بێ ئه‌وه‌ی پشووی لێ بده‌م ناوی ئه‌و دۆزینه‌وه‌یه بهێنم که کتێبی پیرۆز پێکه‌وه‌ی ده‌نێت. پێوه‌ندییه‌که دوولایه‌نه‌یه، چونکه ڕۆژئاوا کار له ڕۆژهه‌ڵات ده‌کات. کتێبی نووسه‌رێکی فه‌رانسی هه‌یه که ناوی دۆزینه‌وه چینییه‌کانی ئه‌ورووپایه و که لێیدا باس باسی پێوه‌ندییه‌کی ڕاستینه‌یه که ده‌بێت ڕووی دابێت.
خۆر له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه هه‌ڵدێت. ده‌ربڕێنێکی جوانی ئه‌ڵمانی هه‌یه که ده‌مه‌وێت لێره‌دا بیکێشمه ناو باسه‌وه: ڕۆژستان بۆ ڕۆژهه‌ڵات، بۆ ڕۆژئاوایش ئێوارستان. دڵنیام که ئێوه “نه‌مانی ئێوارستان”ـی شپینگله‌رتان بیر دێته‌وه، که له شێوه‌ی په‌خشان به ئیسپانی پێی ده‌گوترێ نه‌مانی ڕۆژئاوا. پێیشم وایه نابێت ده‌ست له وشه‌ی “ئۆریێنت”، ئه‌م وشه جوانه، هه‌ڵ بگرین، چونکه له سۆنگه‌ی ڕێکه‌وتێکی خۆشه‌وه وشه‌ی “ئۆرو، زێر” له‌و وشه‌یه‌دا ئارا و په‌یدایه. ئێمه وشه‌ی ئۆرومان له ئۆریه‌نتدا بێر دێته‌وه چونکه ئاسمان له به‌ری به‌یاندا ڕه‌نگی زێر ده‌گرێت… وشه‌ی (ئۆریانتالی ـ ڕۆژهه‌ڵاتی) دوو مانای هه‌یه: یاقووتی ڕۆژهه‌ڵات، ئه‌وه‌ی له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه دێت و زێری به‌یانی، ئه‌و سه‌ره‌تا زێڕه‌ی به‌یانی که له (الأَعراف)ـدایه.
ڕۆژئاوا چییه؟ ئه‌گه‌ر زاراوه‌که جوگرافییانه پێناسه بکه‌ین، ڕووبه‌ڕووی شتێکی سه‌یر ده‌بینه‌وه، ئاخر به‌شێکی ڕۆژهه‌ڵات که‌وتووه‌ته ڕۆژئاوا، یان ئه‌وه‌ی که به‌لای یۆنانی و ڕۆمانییه‌کانه‌وه ڕۆژئاوا بووه کاتێک ده‌یانگوت باکووری ئه‌فریقایش هه‌ر ڕۆژهه‌ڵاته. دیاره میسریش ڕۆژهه‌ڵاته هه‌ر وه‌ک چه‌ند هه‌رێمێکی ئیسرائیل، ئاسیای بچووک و بڵخ و ئێران و هیندستان و هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌یش که له‌ولاوه‌ترن و شتێکی ئه‌وتۆیان هاوبه‌ش نییه. بۆ ئێمه مه‌گۆلستان و چین و ژاپۆنیش ڕۆژهه‌ڵاتن. ئێمه که ده‌ڵێین ڕۆژهه‌ڵات لام وایه پێش هه‌موو شتێکی تر بیر له ڕۆژهه‌ڵاتی ئیسلامی ده‌که‌ینه‌وه و، که‌مێکیش بیر بۆ باکووری هیندستان ده‌به‌ین.
ئه‌مه یه‌که‌م مانای وشه‌که‌یه، به‌لای ئێـمه‌یشه‌وه ئه‌مه هه‌ر له‌به‌ر (هه‌زار و یه‌ک شه‌و)ـه. شتێک هه‌یه که هه‌ست ده‌که‌ین ڕۆژهه‌ڵاتییه. شتێکه که له ئیسرائیل هه‌ستم پێ نه‌کردووه، له گا‌رناته و له قورتوبه با؛ هه‌ستم به هه‌بوونی ڕۆژهه‌ڵات کردووه، به‌ڵام نازانم که ئاخۆ پێناسه ده‌کرێت یان نا. نازانم ئه‌گه‌ر ماندووبوون بهێنێت که شتێک پێناسه بکه‌یت له ناخی خۆماندا ده‌رکی پێ ده‌که‌ین. ئه‌و مانا و پێناسانه‌ی وشه‌ی ڕۆژهه‌ڵات هه‌یانیه‌تی له سایه‌ی (هه‌زار و یه‌ک شه‌و)ـه‌وه پێی دراون. ئه‌مه‌یشه که پێش هه‌موو شتێکی تر بیری بۆ ده‌به‌ین. دوای ئه‌وه بیرمان بۆ مارکۆ پۆلۆ ده‌چێت، بۆ ئه‌و ئه‌فسانانه‌ی بلهاس له یۆحه‌ننای که‌شیش ده‌که‌ن یان بۆ ئه‌و ڕووبارانه‌ی لم که ماسیی زێڕینیان پێدا دێت. ئێمه پێش هه‌موو شتێک بیر له ئیسلام ده‌که‌ینه‌وه.
با پێشان له نزیکه‌وه سه‌یری مێژووی ئه‌م کتێبه بکه‌ین پاشان وه‌رگێڕاوه‌کانی. بنه‌چه‌ی ئه‌م کتێبه زۆرێکی لێ نازانین، ده‌توانین بیر بۆ ئه‌و شاکلێسایانه ببه‌ین که به هه‌ڵه به گۆتی ناو ده‌بردرێن له ڕاستیدا کاری گه‌لێک نه‌وه‌ی دوابه‌دوای یه‌کن. به‌ڵام لێره‌دا جیاوازییه‌کی بنچینه‌یی هه‌یه و ده‌ستکاره‌کان، ئه‌وانه‌ی شاکلێساکانیان بنیات ناوه، زۆر باشیان زانیوه که خه‌ریکی چین. به‌ڵام هه‌زار و یه‌ک شه‌و به شێوه‌یه‌کی زۆر سه‌یر سه‌ر هه‌ڵ ده‌دات. ئه‌مه کاری هه‌زاران هه‌زار دانه‌ره و هیچیان بیری بۆ ئه‌وه نه‌چووه که له دانانی کتێبێکی ناوداردا، یه‌کێکی کتێبه هه‌ره‌ناوداره‌کانی هه‌موو ئه‌ده‌بیات به‌شداره، که حه‌زی ڕۆژئاوای زیاتر له ڕۆژهه‌ڵات ڕاکێشاوه، ئه‌مه به‌پێی ئه‌و قسانه‌ی که پێم گوتراون.
ئه‌مه‌یش زانیارییه‌کی زۆر سه‌یره که ڤۆن هاممیر پورگستال نووسیویه، ئه‌و ڕۆژهه‌ڵاتناسه‌ی که لاین و بورتۆن به سه‌رسڕمانه‌وه ناوی ده‌هێنن و که خۆیشیان دوو وه‌رگێڕی ئینگلیزیی هه‌ره‌ناوداری هه‌زار و یه‌ک شه‌ون. پورگستال باسی پیاوی وا ده‌کات که به حه‌کایه‌تخوێنی شه‌وان ناویان ده‌بات. ئه‌وانه‌ی که پیشه‌یان هه‌ر ئه‌وه بووه به درێژایی شه‌و حه‌کایه‌ت بگێڕنه‌وه. پورگستال ئاماژه به تۆمارێکی ئێرانی ده‌دات که به‌و پێیه که‌سێک که پێش هه‌موو که‌سێکی تر حه‌کایه‌ته‌کانی بۆ گێڕدراوه‌ته‌وه، که پیاوانی خۆی به شه‌و کۆ کردووه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی حه‌کایه‌تی بۆ بگێڕنه‌وه تا بێخه‌وییه‌که‌ی بڕه‌وێته‌وه، ئه‌سکه‌نده‌ری مه‌که‌دۆنی بووه. ئه‌م چیرۆکانه ده‌بێت حه‌کایه‌ت بووبن. من گومان ده‌به‌م ئه‌وه‌ی حه‌کایه‌ت ئه‌وه‌نده خۆش ده‌کات (په‌ند) بێت. ئه‌وه‌یش که سیحری به‌سه‌ر ئایسۆپۆس یان حه‌کایه‌تخوێنه هیندییه‌کاندا هێنا، ئه‌وه‌یه که ئاژه‌ڵی وه‌ک ورده‌مڕۆڤ بوون به گه‌پجاڕی و کاره‌ساتبارییه‌وه و، به‌شه په‌ندگێڕه‌کانی له کۆتاییدا ده‌هاتن و گرنگ هه‌ر ئه‌وه بوو که گورگ له‌گه‌ڵ مه‌ڕ، گا له‌گه‌ڵ که‌ر یان شێر له‌گه‌ڵ بولبول بدوێت.
جا ئه‌سکه‌نده‌ری مه‌که‌دۆنی گوێ له حه‌کایه‌ته‌کان ده‌گرێت که پیاوی بێناوی وای شه‌وان ده‌یانگێڕنه‌وه، کار و پیشه‌یان هه‌ر ئه‌وه‌یه چیرۆک بگێڕنه‌وه و، ئه‌مه‌یش به‌م ئاوایه ساڵانێکی زۆر ده‌کێشت. له‌ین له کتێبه‌که‌یدا Account of the Manners and Customs of the Modern Egyptiens ده‌ڵێت حه‌کایه‌تخوان له قاهیره و ده‌وروبه‌ری و ساڵانی 1850 ـدا هه‌بوونه و شتێکی ئاساییش بوونه و په‌نجایه‌کیان هه‌بوو که زۆرجار هه‌زار و یه‌ک شه‌ویان گێڕاوه‌ته‌وه.
ئێمه ڕیزێک حه‌کایه‌تمان هه‌ن: ئه‌وانه‌ی هیندستان، که له‌وێ و به قسه‌ی بارتۆن و کانسینۆس ئاسێنس که دانه‌ری وه‌رگێڕاوێكی دڵکیشی ئیسپانییه، کرۆکیان پێک دێت. له‌وێوه ده‌چنه ئێران که لێیدا ده‌سه‌رده‌میێندرێن و ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌کرێن و ده‌عه‌ره‌بیێندرێن. دواییه‌که‌ی له کۆتایی سه‌ده‌ی پانزه‌یه‌مدا ده‌گه‌نه میسر. هه‌ر ئه‌وسایش یه‌که‌م کۆمه‌ڵه‌ی، که باوه‌ڕ وایه له کۆمه‌ڵه‌ی تره‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت، هه‌موو شتێک دیاری ده‌خات فارسی بێت: هزار ئه‌فسانه.
جا بۆ جارێ هه‌زار و دوایی یه‌ک؟ من هۆیه‌کانی به دوو ده‌زانم. یه‌کیان پێوه‌ندیی به بیروباوه‌ڕی پووچه‌وه هه‌یه (پووچ له‌م باره‌دا گرنگه) و به‌و پێیه ژماره‌ی جووت کاره‌ساتی به ده‌مه‌وه‌یه. هه‌ر بۆیه له ژماره‌ی تاک گه‌ڕان و به‌ختمان هێنای “و یه‌ک”ـیان پێوه نا. ئه‌گه‌ر له‌جیاتی ئه‌و “هه‌زار و یه‌ک “ـه بنووسرایه نۆسه‌د و نه‌وه‌دونۆ شه‌و هه‌ستمان ده‌کرد شه‌وێکی ماوه. به‌ڵام ئێستا هه‌ست ده‌که‌ین شتێکی بێکۆتاییمان پێ به‌خشراوه و شه‌وێکی ترمان بێ داوا پێ دراوه. گالانی فه‌رانسی ئه‌م ده‌قه ده‌خوێنێته‌وه و وه‌ری ده‌گێرێت. جا با بزانین له چی پێک دێت و بۆچی ڕۆژهه‌ڵاتییه. پێش هه‌موو شتێک ڕۆژهه‌ڵاتییه چونکه کاتێک ده‌یخوێنینه‌وه هه‌ست ده‌که‌ین له وڵاتێکی دوورداین.
ئێمه ده‌زانین که کاتبه‌ندی، که مێژوو هه‌یه، به‌ڵام لێوه‌کۆڵی ڕۆژئاواییه که به‌ر له هه‌ر که‌سێکی تر ئه‌مه ده‌ڵێن. مێژووی ئه‌ده‌بی فارسی یان مێژووی فه‌لسه‌فه‌ی هێندی بوونی نییه و مێژووی ئه‌ده‌بی چینییش، چونکه ئه‌م نه‌ته‌وانه بایه‌خ به ڕه‌وتی کات ناده‌ن. ئه‌ده‌ب و شیعر به پرۆسه‌ی هه‌رهه‌س ده‌زانن. خۆیشم له‌م باره‌دا ئه‌وان به ڕاست ده‌زانم. لایشم وایه بۆ نموونه ناوی کتێبی هه‌زار و یه‌ک شه‌و (یان هه‌ر وه‌ک بارتۆن که ناوی ناوه “کتێبی له‌مه‌ڕ هه‌زار شه‌و و شه‌وێک”)، ناوێکی نایابی کتێب ده‌بوو ئه‌گه‌ر به‌ره‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ پێمان زانیبووایه، ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ بۆمان ده‌ربکه‌وتایه به ناوێکی جوانی کتێبمان داده‌نا و ئه‌مه‌یش هه‌ر بۆ ئه‌وه نییه که جوانه… به‌ڵکه حه‌زی خوێندنه‌وه‌مانی بۆ ده‌چێت.
مرۆڤ حه‌ز ده‌کات له هه‌زار و یه‌ک شه‌ودا بێسه‌روشوێن بێت، به‌ڵام ده‌یشزانێت کاتێک به قووڵایی کتێبه‌که‌دا شۆڕ ده‌بێته‌وه چاره‌نووسی تاڵی خۆی وه‌ک مرۆڤ له بیر ده‌چێت و بۆی هه‌ڵده‌که‌وێت به ناخی دنیایه‌کدا ڕۆ بچێت و دنیاکه‌یش که‌سایه‌تیی نموونه‌یی دایانهێناوه، به‌ڵام مرۆڤی تاکیش.
له هه‌زار و یه‌ک شه‌ودا شتێکی تری یه‌کجار گرنگ ده‌دۆزینه‌وه: بۆچوونی ده‌رباره‌ی کتێبی بێ‌کۆتایی، که خۆیشی هه‌ر وایه. عه‌ره‌ب ده‌ڵێن که‌س ناتوانێت هه‌زار و یه‌ک شه‌و تا کۆتاییه‌که‌ی بخوێنێته‌وه، نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ماندوو ده‌بێت، به‌ڵکه بۆی ده‌رده‌که‌وێت که کتێبه‌که کۆتایی نایه‌ت.
من خۆم له ماڵه‌وه هه‌ر حه‌ڤده به‌رگه وه‌رگێڕاوه‌که‌ی بارتۆنم هه‌یه و، ده‌زانم ڕۆژێک نابینم هه‌موویم پێ بخوێندرێته‌وه، به‌ڵام ده‌زانم شه‌وانی ئه‌وێ چاوه‌ڕێمن. ده‌زانم که له‌وه‌یه ژیانم خۆش نه‌بێت، به‌ڵام حه‌ڤده به‌رگه‌که‌م له‌وێن؛ له‌وێ ئه‌و جۆره هه‌رهه‌س و ئه‌به‌ده هه‌یه که هه‌زار و یه‌ک شه‌وی ڕۆژهه‌ڵات پێکه‌وه‌ی ده‌نێت.
جا ڕۆژهه‌ڵات چۆن پێناسه ده‌کرێت، نه‌ک ڕۆژهه‌ڵاتی ڕاستینه که له ئارادا نییه؟ له‌وه‌یه بڵێم زاراوه‌ی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا گشتاندنن و هیچ که‌سێک نییه خۆی به ڕۆژهه‌ڵاتی بزانێت. له‌و باوه‌ڕه‌یشدام مرۆڤ ده‌توانێت خۆی به فارسی بزانێت، به هیندی، به مالایی، به‌ڵام نه‌ک به ڕۆژهه‌ڵاتی. به هه‌مان شێوه‌یش که‌س خۆی به ئه‌مه‌ریکاییه‌کی لاتینی نازانێت. ئێمه خۆمان به ئه‌رجه‌نتینی، به چیلی، به ئۆروگوایی ده‌زانین. ئه‌مه گرنگییه‌کی ئه‌وتۆی نییه، زاراوه‌که هه‌یه و ده‌مێنێته‌وه بزانین له‌سه‌ر چی پێکه‌وه نراوه؟ پێش هه‌موو شتێک له دنیایه‌کی پڕ له سه‌رپه‌ڕ پێک هێنراوه که لێیدا مرۆڤ یان زۆر به‌دبه‌ختن یان زۆر به‌ختیار، یان زۆر داران یان زۆر هه‌ژار. دنیایه‌کی پڕ له شا، پڕ له شای وا که ده‌توانین بڵێین وه‌ک خودا بێبه‌رین. هه‌روه‌ها بۆچوونی له‌مه‌ڕ گه‌نجینه‌ی حه‌شاری لێیه که ده‌شێت هه‌موو که‌سێک بیدۆزێته‌وه و، بۆچوونی تایبه‌ت به سیحریش. زۆر گرنگه. سیحر چییه؟ سیحر جۆرێکی تری هۆبه‌ندییـه. مرۆڤ ده‌توانێت وای دابنێت که له‌پاڵ ئه‌و هۆبه‌ندییانه‌ی پێیان ده‌زانین هۆبه‌ندیی تر هه‌ن. ئه‌م جۆره پێوه‌ندییه‌یش له‌وه‌یه به ڕێکه‌وت، به ئه‌ڵقه‌یه‌ک، به چرایه‌ک پێش بێت. کاتێکیش ده‌ست به ئه‌ڵقه یان چراکه‌دا ده‌ساوین خێو‌ێک دیار ده‌که‌وێت. خێوهکه کۆیله‌یه، به‌ڵام ده‌سته‌ڵاتی ته‌واویشی هه‌یه و سه‌ره‌ڕای ئه‌مه له حه‌زی ئێمه لا نادات. شتی وا بۆ هه‌موو که‌سێک هه‌ڵده‌که‌وێت.
با بیر بۆ حه‌کایه‌تی ماسیگر و خێو ببه‌ین. ماسیگره‌که چوار کوڕی هه‌یه، ده‌ستکورته. هه‌موو به‌یانییه‌ک ده‌چێته سه‌ر زه‌ریا و تۆڕی ماسیگرتن هه‌ڵده‌دات. (زه‌ریا)ـیش ده‌ربڕینێکی وا سیحراوییه که له دنیایه‌کمان ده‌نێت سنووری دیار نییه. ماسیگره‌که ناچێته سه‌ر زه‌ریاکه، به‌ڵکه ده‌چێته سه‌ر زه‌ریایه‌ک و تۆڕی خۆی ده‌نێته‌وه. به‌یانییه‌ک تۆڕه‌که‌ی هه‌ڵده‌دات و سێ جاری ده‌رده‌کێشێت: گوێدرێژێکی تۆپیوی به تۆڕه‌وه ده‌بێت، سواڵه‌تی ده‌فری شکاو و شتی وایشی به تۆڕه دێت که که‌ڵکیان نه‌ماوه. ماسیگره‌که جارێکی تر تۆڕه‌که‌ی هه‌ڵده‌دات (هه‌موو جارێکیش شیعرێک ده‌خوێنێته‌وه). تۆڕه‌که‌ی که زۆر قورس ده‌بێت هیوا ده‌خوازێت ماسییه‌کی زۆری گرتبێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که به تۆڕه‌وه دێت مسینه‌یه‌که به مۆری “سلێمان” ده‌می به‌ستراوه. ده‌می مسینه‌که ده‌کاته‌وه و دووکه‌ڵێکی چڕی لێ هه‌ڵده‌ستێت. ماسیگره‌که بیر ده‌بات که مسینه‌که به ده‌فرسازه‌کان بفرۆشیت، به‌ڵام سه‌ری دووکه‌ڵه‌که ده‌گاته ئاسمان و سه‌رله‌نوێ چڕ ده‌بێته‌وه و شێوه‌ی خێو‌ێک ده‌گرێت. ئه‌م خێوانه کێن؟ ئه‌مانه ئافه‌ریده‌ی پێشاده‌مین، پێش ئاده‌م، ژێرده‌سته‌ی مرۆڤ، به‌ڵام ده‌توانن ئه‌وه‌نده‌ی دێوێکیان لێ بێت. به‌پێی موسڵمانان ئه‌مان له به‌ری ئاسماندا ده‌ژین، نه ده‌بینرێن نه ده‌گیرێن.
خێوهکه ده‌ڵێت: “به ناوی خودا و سڵێمان پێغه‌مبه‌ره‌وه”. ماسیگره‌که لێی ده‌پرسێت بۆ ناوی سلێمان ده‌هێنێت که ساڵانێکی زۆره نه‌ماوه و ئێستا ئیتر محه‌مه‌د پێغه‌مبه‌ره. لێشی ده‌پرسێت که بۆچی له مسینه‌که به‌ند کراوه. ئه‌وی تر ده‌ڵێت که یه‌کێکی ئه‌و خێوانه بووه دژی سلێمان ڕاپه‌ڕیوه و ئه‌و له مسینه‌که‌ی ناوه و ده‌می به‌ستووه و له زه‌ریای هاویشتووه. چوارسه‌د ساڵ تێپه‌ڕیوه و خێوهکه سوێندی خواردووه هه‌ر که‌سێک ڕزگاری بکات زێڕی دنیای پێ ده‌دات، به‌ڵام که‌سی فریا نه‌که‌وتووه. جا سوێندی خواردووه ئه‌وی له‌و مسینه‌یه‌ی ڕزگار بکات وه‌ک مه‌ل فێری چڕینی ده‌کات، به‌ڵام که‌سی وای لێ دیار نه‌که‌وتووه. سه‌دان ساڵ چووه و سوێنده‌کانیش زیادیان کردووه. دواییش ئه‌وه‌نده به‌سه‌ر چووه که ئیتر سه‌ری له سوێند ناوه هه‌ر که‌سێک فریای بکه‌وێت، ده‌یکوژێت. “ئێستایش ده‌بێت سوێنده‌که‌م به جێ بهێنم، سا خۆت ئاماده بکه ده‌تکوژم؛ فریادی من.”
ئه‌م تووڕه‌ییه خێو‌ه‌که‌مان لێ ده‌کاته شتێکی مرۆڤانه که دوور نییه به دڵمان بێت.
ماسیگره‌که ترسی ته‌واوی لێ نیشتووه، به‌ڵام خۆی وا ده‌نوێنێت که باوه‌ڕی به به‌سه‌رهاته‌که‌ی نییه و ده‌ڵێت: “ئه‌مه‌ی گوتت ڕاست نییه. تۆیه‌ک که سه‌رت له ئاسمان و پێت له‌سه‌ر زه‌وییه، چۆن جێت له‌م ده‌فره بچووکه‌دا بووه‌ته‌وه؟” خێوهکه ده‌ڵێت: “بێئه‌قڵ، وا بۆتی ده‌سه‌لمێنم.” خێوهکه ده‌چێته‌وه خۆ و له مسینه‌که‌یشدا ئاسه‌واری نامێنێت، ماسیگره‌که ده‌سته‌وجێ ده‌می به‌سه‌ردا ده‌به‌ستێته‌وه و هه‌ڕه‌شه‌ی لێ ده‌کات.
جا حه‌کایه‌ته‌که به‌رده‌وام ده‌بێت و کاتی ئه‌وه‌یش دێت که که‌سه سه‌ره‌کییه‌که ئیتر ماسیگر نییه، به‌ڵکه شا و ده‌ستی به‌سه‌ر دوڕگه ڕه‌شه‌کانیش ده‌گات. دواییش هه‌ر هه‌مووی پێکه‌وه ده‌نرێت. لێره‌یشه‌وه بۆمان ده‌لوێت بیر بۆ قوتووی وا ببه‌ین که قوتووی تریان له نێودا هه‌ن یان بووکه‌له ڕووسییه‌کان. شتێکی وه‌ک ئه‌مه له دۆن کیشۆتیشدا به دی ده‌که‌ین، ئه‌گه‌رچی تا سه‌رپه‌ڕی نه‌براوه. به‌ڵام ئه‌م هه‌مووه له چیرۆکێکی گه‌وره و نێوین نراوه که ده‌یناسینه‌وه؛ ئه‌وه‌ی له‌مه‌ڕ ئه‌و سوڵتانه‌ی که ژنه‌که‌ی خیانه‌تی لێ کردووه. جا بۆ ئه‌وه‌ی لێی ڕوو نه‌داته‌وه بڕیاری داوه هه‌موو شه‌وێک ژنێک بهێنێت و سه‌رله‌سبه‌ی بیکوژێت، تا شاره‌زاد به‌ڵێن ده‌دات دوایی به‌مه بهێنێت و ژنی تری لێ ڕزگا بکات و سوڵتانیش به حه‌کایه‌تی واوه بخافڵینێت که دواییان پێ ناهێنێت. به‌م جۆره هه‌زار و یه‌ک شه‌و به‌سه‌ر ده‌چێت و کوڕێکی پێ ده‌به‌خشێت.
چیرۆکی نێو چیرۆک کاریگه‌رییه‌کی سه‌یر ده‌نێنه‌وه و هه‌ر وه‌ک شتی بێ‌کۆتایی سه‌ر سڕ ده‌که‌ن. ئه‌مه‌یش شتێکه که دواتر نووسه‌رێکی زۆر لاساییان کرده‌وه، بۆ نموونه لویس کارۆل له کتێبه‌کانی ده‌رباره‌ی ئالیسدا یان له ڕۆمانی سیلڤی و برونۆدا، که لێیاندا خه‌و له‌نێو خه‌وندا هه‌ن و که زۆر ده‌بن و خه‌ونی تریان لێ ده‌که‌وێته‌وه.
خه‌ون یه‌کێکی بابه‌ته ئاساییه‌کانی هه‌زار و یه‌ک شه‌وه و به‌سه‌رهاتی ئه‌و دووانه‌ی که خه‌ون ده‌بینن شتێکی دڵکێشه. کابرایه‌کی دانیشتووی قاهیره خه‌ون ده‌بینێت که ده‌نگێک له خه‌ونیدا پێی ده‌ڵێت بۆ ئه‌سفه‌هان بچێت، ئه‌سفه‌هانی ئێران، که بۆ ئه‌م گه‌نجینه‌یه‌کی لێیه. کابرا خۆی به‌ده‌م ئه‌م ڕێیه درێژخایه‌ن و مه‌ترسیداره‌وه ده‌دات و که دوای ماندووبوونێکی زۆر ده‌گاته جێ له حه‌وشی مزگه‌وتێکدا خه‌وی لێ ده‌که‌وێت. جا بێ ئه‌وه‌ی پێ بزانێت خۆی له‌نێو چه‌ته و جه‌رده‌دا ده‌بینێته‌وه. هه‌موویان ده‌ستگیر ده‌کرێن و قازی لێی ده‌پرسێت بۆچی بۆ ئه‌سفه‌هان هاتووه. کابرای میسری به‌سه‌رهاته‌که‌ی خۆی باس ده‌کات و، قازییش له قاقای پێکه‌نین ده‌دات و ده‌ڵێت: “هه‌ی بێئه‌قڵی خۆشباوه‌ڕ، من خۆم سێ جار خه‌وم به ماڵێکه‌وه له قاهیره دیوه که پشته‌وه‌ی باخچه‌یه و باخچه‌که‌یش کاتژمێرێکی هه‌تاوی و بیرێک و دارهه‌نجیرێکی لێیه، له‌لایه‌کی بیره‌که‌یشه‌وه گه‌نجینه‌یه‌ک. به‌ڵام قه‌ت بایه‌خم به‌م درۆیه نه‌داوه، تۆیش نه‌که‌یت جارێکی تر له ئه‌سفه‌هانت ببینم، ها ئه‌م قرانه و بڕۆ به ڕێی خۆته‌وه.” کابرا بۆ قاهیره ده‌گه‌ڕێته‌وه و له خه‌ونه‌که‌ی قازی‌دا خانووه‌که‌ی خۆی ده‌ناسێته‌وه، ته‌نیشتی بیره‌که هه‌ڵده‌که‌نێت و گه‌نجینه‌که ده‌دۆزێته‌وه.
ئێمه له هه‌زار و یه‌ک شه‌ودا ده‌نگی ڕۆژئاوا ده‌بیستین. چاومان به ئۆدیسه ده‌که‌وێت که لێره‌دا ناوی سندبادی ده‌ریاوانه و، حه‌کایه‌ته‌کانیش جاروبار هه‌ر هه‌مان حه‌کایه‌تن (ئه‌وه‌ی ده‌رباره‌ی پۆلیفێمۆس، به نموونه). بۆ ئه‌وه‌ی کۆشک و ته‌لاری هه‌زار و یه‌ک شه‌و بنیات بنرێن نه‌وه‌ی به دوای نه‌وه‌ی پێ ویستووه، مرۆڤی وا که چاکه‌ی ئێمه‌یان خواستووه چون کتێبه له‌بننه‌هاتووه‌که‌یانمان بۆ به میرات ماوه‌ته‌وه، ئه‌و کتێبه‌ی که ئه‌و هه‌موو کڵێشه‌گۆڕه‌مان پێشکه‌ش ده‌کات، ده‌ڵێم ئه‌و هه‌موو کڵێشه‌گۆڕه چونکه وه‌رگێڕاوه‌ی یه‌که‌م، وه‌رگێڕاوه‌که‌ی گالان، وا ده‌زانم له هه‌موویان ئاسانتر و دڵکێشتره و هیچ ئه‌رکێک به به‌ر خوێنه‌ره‌وه نانێت، مرۆڤیش بێ ئه‌م یه‌که‌م ده‌قه، کاپتن بارتۆن ڕاست ده‌کات، له‌وه‌یه به‌شه‌کانی تری پێ ته‌واو نه‌بوایه.
که‌واته گالان یه‌که‌م به‌رگی له ساڵی 1704 ـدا بڵاو ده‌کاته‌وه، که جۆرێک بێزاری ده‌نێته‌وه، به‌ڵام جۆرێک خۆشییش له فه‌رانسه‌ی ژیری لودڤیکی چوارده‌یه‌مدا.
که مرۆڤ باس له بزووتنه‌وه‌ی ڕۆمانسیزم ده‌کات بیر له شتێک ده‌کاته‌وه که زۆر دره‌نگتر دێت. ده‌توانین بڵێین بزووتنه‌وه‌ی ڕۆمانسیزم له‌و ترووکه‌ساته‌دا به‌رپا ده‌بێت که که‌سێک له نۆرماندی یان له پاریس هه‌زار و یه‌ک شه‌و ده‌خوێنێته‌وه. له‌و سه‌رده‌مه‌دا مرۆڤ به ڕێوه‌یه دنیای بوالووی یاساداڕێژ به جێ بهێڵێت و ڕووی له دنیای ئازادی و ڕۆمانس ناوه. شتی تریشی لێدا پێش دێت و لێساژه که ڕۆمانی پێکارۆیانه بۆ فه‌رانسییه‌کان ده‌دۆزێته‌وه و شیعراوازه سکۆت و ئینگلیزییه‌کانیش که پێرسی له ده‌وروبه‌ری 1750ـدا بڵاویان ده‌کاته‌وه. له ده‌وره‌به‌ری 1798ـیشدا بزووتنه‌وه‌ی ڕۆمانسیزم به کۆلێرجه‌وه، که خه‌ون به کوبلای خانی داڵده‌ده‌ری مارکۆ پۆلۆوه ده‌بینێت، له ئینگلستان ده‌ست پێ ده‌کات. به‌م جۆره بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که دنیا چه‌ند ده‌هێنێت دڵت ڕابکێشیت و چۆنیش هه‌موو شتێک تێکه‌ڵی یه‌کتر ده‌بێت…
یه‌کێکی حه‌کایه‌ته‌کان؛ هه‌ره به‌ناووبانگه‌کانی هه‌زار و یه‌ک شه‌و که له نوسخه ڕه‌سه‌نه‌کدا جێی دیار نییه، چیرۆکی عه‌لاددین و چرا سه‌یره‌که‌یه‌تی. ئه‌میان له وه‌رگێڕاوه‌که‌ی گالاندا هه‌یه و بارتۆنیش ده‌قه ڕه‌سه‌نه عه‌ره‌بی و فارسییه‌که‌ی گه‌ڕاوه، به‌ڵام په‌یی پێ نه‌بردووه. هه‌ن گومان ده‌که‌ن که گالان حه‌کایه‌ته‌که‌ی ساخته کردبێت. من وشه‌ی (ساخته‌کردن)ـم به‌لاوه ناڕه‌واییه و نیازی خراپی له پشته‌وه‌یه. گالان مافی ته‌واوی وه‌ک ئه‌و حه‌کایه‌تخوێنانه‌ی شه‌وان هه‌بووه که پێشتر باسمان کردن. جا بۆ وای نه‌بینین که ئه‌و، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌وه هه‌موو حه‌کایه‌ته وه‌رده‌گێڕێت، حه‌زی چووبێته سه‌ر ئه‌وه‌ی حه‌کایه‌تێک دابهێنێت و کردبێتی.
مێژوو به حه‌کایه‌ته‌که‌ی گالان ته‌واو نابێت. دی کوینسی له ژیاننامه‌که‌یدا ده‌ڵێت به‌لایه‌وه حه‌کایه‌تێک هه‌بووه له سه‌رووی حه‌کایه‌ته‌کانی هه‌زار و یه‌ک شه‌ودا بووه و ئه‌وه‌یشیان، ئه‌و باشترین و به‌راوردبه‌زێنه‌یان، حه‌کایه‌تی عه‌لاددین بووه که باسی سیحربازه‌که‌ی مه‌غریب ده‌کات که ده‌چێت بۆ چین چونکه ده‌زانێت ئه‌و تاکه که‌سه‌ی لێیه که باری دێت چرا سه‌یروسه‌مه‌ره‌که له ژێرخاک ده‌ربهێنێت.
به‌پێی گالان سیحربازه‌که ئه‌ستێره‌گه‌ر بووه و ئه‌ستێره‌یش نیشانیان داوه بۆ چین بچێت و له‌وێ کوڕیله‌ی مه‌به‌ستی خۆی ده‌دۆزێته‌وه. دی کوینسی که بیری به‌ردڵگری داهێنانی هه‌بووه، شتێکی تری به بیردا دێت. به‌پێی ئه‌م، کابرای سیحرباز گوێی به خاکه‌وه ناوه و هه‌نگاوی بێ‌ژماری بیستووه، له‌نێویانیشدا هه‌نگاوی کوریلکه‌که‌ی ناسیوه که پێشوه‌خته بڕیار بووه چراکه له ژێر خاک ده‌ربهێنێت. ئه‌مه، دی کوینسی ده‌ڵێت، هه‌زار و یه‌ک شه‌و دوایی به ژیانی خۆی نه‌هێناوه. کاتی بێ‌کۆتایی هه‌زار و یه‌ک شه‌و هێشتا درێژه ده‌کێشێت. له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا کتێبه‌که وه‌رگێڕدرا، له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا یان له کۆتایی نۆزده‌یه‌مدا دی کوینسی به جۆرێکی دی بیری دێته‌وه. کتێبه‌که وه‌رگێڕی تری بۆ په‌یدا ده‌بێت و هه‌ر وه‌رگێڕێک شێوه‌یه‌کی نوێی لێ ده‌نێت و له‌وه‌یه باس باسی گه‌لێک کتێب بێت به ناوی هه‌زار و یه‌ک شه‌وه‌وه: دوو فه‌رانسی که گالان و ماردرووس نووسیویانه‌ته‌وه، سێ ئینگلیزییه‌که‌ی بارتۆن و له‌ین و پیێن، سێی ئه‌ڵمانیی هێنینگ و لیتمان و وێیل و یه‌کێکیش به ئیسپانی که کانسینۆس ئاسسێنس نووسیویه‌ته‌وه. هه‌موویشیان جیاوازیی خۆیان هه‌یه، چونکه هه‌زار و یه‌ک شه‌و درێژه به په‌ره‌سه‌ندنی خۆی ده‌دات یان خۆی داده‌هێنێته‌وه. لای ستیڤینسۆنی به‌ردڵگر و له (شه‌وه نوێیه عه‌ره‌بییه) دڵکێشه‌که‌یدا هه‌مان بابه‌ت ده‌ورووژێته‌وه، به‌و میره جلخۆگۆڕه‌وه که وه‌زیره‌که‌ی ڕێنوێنیی ده‌کات و که به‌شاردا ده‌گه‌ڕێت و په‌تپه‌تییه‌کی زۆری به‌سه‌ردا دێت. به‌ڵام ستیڤنسۆن میرێک داده‌هێنێت فروزێلی بومێن و گیرالدینی سه‌رهێزیشی که به له‌نده‌نیاندا ده‌گێڕێت. نه‌ک له‌نده‌نی ڕاستینه به‌ڵکه له‌نده‌نێک که به به‌غدا ده‌چێت، نه‌ک به‌غدای ڕاسته‌قینه به‌ڵکه ئه‌وه‌ی که له هه‌زار و یه‌ک شه‌ودایه.
نووسه‌رێکی تر که ده‌بێت هه‌موومان منه‌تباری کاره‌کانی بین، چێسته‌رسۆنی میراتگری ستیڤنسۆنه. ئه‌و له‌نده‌نه نایابه‌ی که چیرۆکی باوه بڕوان یان (ئه‌و پیاوه‌ی که شێشه‌ممه بوو)ـی لێدا پێش دێت دانه‌ده‌هات ئه‌گه‌ر نووسه‌ره‌که‌ی ستیڤنسۆنی نه‌خوێندبایه‌ته‌وه، ستیڤنسۆنیش (شه‌وه نوێیه عه‌ره‌بییه‌کان)ـی نه‌ده‌نووسی ئه‌گه‌ر هه‌زار و یه‌ک شه‌وی نه‌خوێندبایه‌ته‌وه.
هه‌زرا و یه‌ک شه‌و له هه‌بوونی خۆی نه‌که‌وتووه، به‌ڵکه ئه‌وه‌نده گه‌وره‌یه، پێی ناوێت خوێندبێتته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌شتێکی بیری هاوبه‌شمانه و به‌شێکی ئه‌م ئێواره‌یه‌یش.